وەزارەتی دارایی: مووچەی پێنج مانگ بۆ دوو هەزار خانەنشین خەرج دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایدەگەیەنێت، لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار و 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواو کراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەکانیان داخڵی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێتەوە.

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد رۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025، وەزیری دارایی و ئابووری و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنەنشین لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان لەسەر راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هەرچی زوو تەواو کردنی دۆسیەی خانەنشیان کردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رێکارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر کە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و کاراکردنی سیستەم و دابینکردنی فەرمانبەر و زیادکردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبینیەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتر کراون و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواو کراوە و بۆ مووچەی مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەکانیان داخڵی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێتەوە.

داواش لە وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کەبڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.

جەخت كراوەتەوە لەوەی پەلەبکرێت لە دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

 

Back to top button