جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە، کە بڕیارە سبەی بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆنگرە ببەستن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14/5/2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێبوار یەڵدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکگرتنی هەردووو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان خستە ڕوو، کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆنگرەکە ببەستن.
پاشان نێچیرڤان حسێن و مەیسەر نهێلی سکرتێرانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان باسیان لە کار و چالاکی و خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان و گرنگیی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد.
ئنجا مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لەسەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.
جێگری سەرۆکی پارتی دەستخۆشی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوامبن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان.