عەلی تەتەر: بە هۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 30% گوندەکانی سنووری دهۆک چۆلکراون

پارێزگاری دهۆک ئاشکرای کرد، بەهۆی ململانێی چەکداری نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، یەک لەسەر سێی گوندەکانی سنووری پارێزگاکە وێران بوون و چۆڵکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئایاری 2025، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “بەهۆی ململانێی چەکداری نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتووانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە، هەروەها هاووڵاتیانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و بوونی چەکداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

عەلی تەتەر، داوای لە چەکدارانی پەکەکە کرد ئەو گوند و شاخانەی کە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

پارێزگار، پاڵپشتی ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە دووپات کردەوە، هەروەها داوای تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ گوندەکانی سنوورەکە کرد.

روونیشی کردەوە “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.

Back to top button