جێگری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/15 ، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە ؛
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ؛
بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان کۆنگرەی یەکگرتن و هەڵبژاردنتان بە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشەکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .
یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە شانازییە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی قوتابیان و لاوان و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان. هیوادارم لەم قۆناخە نوێیەی ڕێکخراوەکەتاندا، بە شێوازێکی پێشکەوتووتر و لە ڕێگەی زانست و هزری داهێنەرانەوە، زیاتر کار لە پێناو پيشخستنی هەوڵ و تواناکانی قوتابیان و لاوانی کوردستان بکەن و وەک هەمیشە پشتیوانیی پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بن.
پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان لێ دەکەم و هەموو پشتیوانییەکی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2025/5/15