سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

لە پەیامێکدا سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ هەینی 16ی 5ی 2025، پیرۆزبایی لە یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان دەکات .
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی :-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی یەكگرتنەوە و هەڵبژاردنتان وەك سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم قوتابی و لاوانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
هیوادارم یەكگرتنەوەی قوتابیان و لاوان و دەرئەنجامەكانی كۆنگرەكەتان ببێتە هۆی بەهێزتربوونی شێوازی كار و ڕێكخستنی قوتابیان و لاوان و خزمەتی زیاتری دۆزی قوتابیان و لاوانی ئازیزی كوردستانی لێ بكەوێتەوە.
لەو بۆنەیەدا پشتیوانیی خۆم بۆ داواكاری و بەرنامە و ئامانجەكانتان دووپات دەكەمەوە و ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی خۆشەویست هەیە لەژێر ڕۆشنایی هزر و بیری نیشتیمانپەروەرانە و بەپێی بەرنامە و پلانی ڕێكوپێك قوتابی و لاوی پێگەییشتوو و زیرەك و خاوەن ئیرادە و داهێنەر بۆ وڵاتەكەمان پێ بگەیێنن و هەردەم لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هەر لە سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامدا بن.
مسعود بارزانی
16ی ئایاری 2025