وەزیری سامانە سروشتییەکان : گرێبەستەکان لە بەرژەوەندیی عێراقیشە

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایدەگەیەنێت: گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا لەبواری وزەدا دەیکات، لە بەرژەوەندیی عێراقیشە، چونکە وزەی بۆ وێستگەکانی کارەبا پێ دابین دەکرێت.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەمریکاوە گوتی: دوو گرێبەست لە بواری پیشەسازیی نەوت و غاز ئیمزا دەکرێن، گرێبەستی یەکەم لەبواری گازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئینێرجی، کە لە دوو کۆمپانیا پێکهاتووە، کۆمپانیای ئێچ كه‌ی ئێن ئەمریکی و کۆمپانیای ئۆنێکس کە لەبواری نەوت کاردەکات.

ئاماژەی بەوە شکرد، ئەو گرێبەستە بۆ ئەوەیە ئەو کێلگەی گازە بەکاربێت بکەوێتە نێو ژێرخانی گاز لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان، بەمەش هەرێمی کوردستان و عێراق سوودی لێوەردەگرن.

راشیگەیاند: بەو گازە، غاز بۆ ماڵان دابین دەکرێت، کە هەموو پێداویستییەکانی پێ پڕ کرایەوە، ئینجا بیر لەوە دەکرێتەوە بۆ بابەتی دیکە بەکاربێت.

لە کۆتاییشدا گوتی: کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان تەکنیکی و یاسایی و عەقڵیی بوون، لە یاسای بوودجەدا 6 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک لە بەغدا داندرا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت پێی ڕازی نەبوون، دواتر یاساکە هەمووار کرایەوە کرایە 16 دۆلار، وەزارەتی نەوتی عێراق نەرمی نیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوە بە زیادکردنی تێچووی بەرهەمهێنان، ئێستا کێشەکە لای کۆمپانیاکانە، کۆمپانیاکان دەڵێن کە گریبەستەکانمان یاسایین، پێویستە جێبەجێ کردنیش تەواو بێت و گرێبەستەکان پارێزراو بن، داوای شایستەی خۆشیان دەکەن، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکرای دەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ نەوتی کوردستانی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کرد کە زیاتر لە 11 ملیۆن و 826 هەزار بەرمیل بوون، تاکو ئەمڕۆ دۆلارێکیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک شایستەی کۆمپانیاکان نەنارد.

Back to top button