بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکومەت دوو گرێبەستی بواری وزە واژوو کرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 بەکاتی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کرا، لە دوای واژووکردنی گرێبەستەکان سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• ئەم ڕێککەوتنە چەند ملیار دۆلارییە پابەندیی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنیت بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە.

• زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتنم کە سەرپەشتی واژووکردنی ئەم دوو ڕێککەوتنە گرنگە بکەم.

. بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە.

• ئەم وەبەرهێنانە نوێیە ڕۆڵی دەبێت لە گەشەسەندی هەموو هەرێمەکە بەشێوەیەکی فراوان.

• حکومەتی هەرێم پابەندییەکی زۆری هەبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازی بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

. هیوادارین بتوانین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین.

• پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، هەروەها پیرۆزبایی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم کە دەبنە بەشێک لەم هاوبەشییە گرنگە لەگەڵ ئێمە.

• لەو بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە گەشەپێدانی ناوچەکە.

• پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین.

• ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە.

• پێمان وایە وەبەرهێنان لە وزە و گەشەپێدان لە ئابووری دەتوانرێت پەیوەندییەکانمان قوڵتر و بەهێزتر بکات.

Back to top button