ئابووریناسێکی عێراقی: گرێبەستەکانی ئەمریکا هەم پێویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە و هەم غازیش بۆ ئەورووپا هەناردە دەکرێت

د. نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی ناسراوی عێراقی رایگەیاند كە بایەخدانی هەرێمی كوردستان بە پێشخستنی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی غاز لە ڕێگەی ئەو دوو گرێبەستەی لە ئەمریكا واژۆ كراون، دەبێتە هۆی پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و هەناردەكردنیشی بۆ ئەورووپا، هەروەك ئەمریكاش پشتیوانی بەدیهاتنی ئەم پرۆژەیە دەكات.

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە 20ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو رێککەوتننامەی بواری وزە لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس) واژۆ كران.

ئابووری ناسی ناسراوی عێراقی د. نەبیل مەرسوومی رایگەیاند: ”واژۆكردنی ئەو دوو گرێبەستە لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای ئەمریكی، كە یەكێكیان بۆ پێشخستنی كێڵگەی غازی و ئەوەی دیكەش بۆ پێشخستنی كێڵگەی نەوتییە، رەنگدانەوە ئاراستەیەكی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانە بۆ پێشخستنی كەرتی وزە.“

گوتیشی، ئەو گرنگی پێدانە هەر لەوەدا كورت ناكرێتەوە كە پێویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و بەكارهێنانەكانی دیكەی غاز پڕ بكرێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ”لە داهاتوودا لە رێگەی بۆڕییەوە كە بە توركیادا دەڕوات، هەناردەی ئەورووپا بكرێت، ئەم هەنگاوەش هاوتایە لەگەڵ روانگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.“

ئەو ئابووریناسە عێراقییە، هەردوو گرێبەستەكەی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بە هەنگاوێك دادەنێت كە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێ ئەم پرۆژەیە بەدی بێت، بۆیە ”بە رێگەی هاوبەشی لەنێوان هەرێمی كوردستان و هەردوو كۆمپانیاكە جێبەجێ دەكرێت.“

 

Back to top button