مەسرور بارزانی: لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکاوە رایگەیاند : رێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن بە رۆژنامەنووسانی گوت: پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەم پەیوەندییەش تەنیا لەبەر گرێبەستەکانی دوێنێ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوانمان هەیە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێک سەیری هەرێمەکە بکات.
ئاماژەی بەوە شدا، کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات سەرۆکی حکومەت گوتیشی: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ رێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک رەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.
جەختی لەوەش کردەوە، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین.
گوتیشی: لە ئەمریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە.
هەر لەبارەی رێککەوتنەکانی دوێنێ، مەسرور بارزانی روونی کردەوە، رێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەت، ئەوەی خستەڕوو، هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش.