دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بەردەوامە

دیدارو کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەردەوامە و ئەمڕۆ ژمارەیەک دیداری گرنگی ئەنجام دا .

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 5/20، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ کۆنگرێسمان بڕایان ماست سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆنگرێسمان ماست سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی .

هەروەها هەموو پشتیوانییەکی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە ، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و وزەدا، لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی و سوودەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی HKN و WesternZagos کرا .

…………

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کۆنگرێسمان ئادەم سمیس کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 5/20، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ کۆنگرێسمان ئادەم سمیس کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، ئاماژە بە گرنگیی و پێویستیی پێکهێنانی کابیبەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە.

………………….

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ هەردوو سێناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 5/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە واشنتن، لەگەڵ هەردووسێناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.

هەردوو سێناتۆر خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمریکا نیشاندا و ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەیان لە دژی داعش و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد .

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە ڕێککەوتنەکانی بواری وزە کران کە لە واشنتن واژۆ کران ، ئاماژەیان بەوە دا کە ڕێککەوتنەکان دەبنە هۆی پەرەپێدانی ئابووری نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکوو هەموو عێراق.

 

Back to top button