
لەبارەی بە دووسایدكردنی رێگەی كفری – سلێمان بەگ، شاخەوان عەبدوڵڵا روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بە دووسایدكردنی ڕێگەی كفری – سلێمان بەگ، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هەموو كەسێك بێ ئەوەی ئاگادار بێت خۆی دەكاتە خاوەنی پڕۆژەیەك، لە كاتێكدا بە دووسایدكردنی شەقامی كفری بۆ سلێمان بەگ لەسەر داواكاری من بووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، “رێگەی سلێمان بەگ بۆ کفری دەکرێتە دوو ساید، پێم ناخۆشە ئەم بابەتانە بڵاو بکەمەوە، چونکە خزمەتکردنی خەڵک بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم، بەڵام بەداخەوە کاتێک پەرلەمانتارێک یان هەرکەسێک دێت خۆی دەکاتە خاوەن پڕۆژەیەک کە ئاگادار نەبووە چۆن کراوە وا دەکات ئیتر هەموو شتێک بڵاو بکەینەوە.”
دەشڵێت “لەدوای هاتنی شاندێکی کفری و قایمقامی کفری بۆلای ئێمە لە بەغدا بەڵێنم دا داواکانیان جێبەجێ بکەم لەناویاندا چاککردنی رێگەی کفری – سلێمان بەگ بوو، بۆیە وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە لەسەر نووسراوی ئێمە ژمارە 287 لە 24ی 3ی 2024وە دوای مانگێک رەزامەندیی وەزارەتی شارەوانیم وەرگرتووە و دواتر ڕێگەوبان و دواتریش رەوانەكردنی لەمانگی 5 بۆ جێبەجێکردن.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، “هەرچەند هەر کەسێک خوێندەواری هەبێت دەزانێت لە نووسراوەکەدا هاتووە لەسەر داوای جێگری سەرۆکی پەرلەمان کراوە، بەڵام بەداخەوە خەڵكێک پێیوایە خەڵکی ئێمە ئەوەندە سادەن ناوەڕۆکی نووسراوەکە ناخوێننەوە، لەکاتێکدا زۆر کەس وەڵامیان داوەتەوە کە لە نووسراوەکە باسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکات، بەڵام خۆشم پێم باشبوو ئەم روونکردنەوە بدەم، دووبارەی دەکەمەوە ئەوەی دەیکەین ئەرکی سەرشانمانە.”
