مەسرور بارزانی بۆ فۆکس نیوز: دەمانەوێت لەگەڵ ئەمریکا ئاشتی و خۆشگوزەرانی بنیات بنێین

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بەناوبانگی ئەمریکی (فۆکس نیوز)، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیی مێژووییەکەی ئەمریکا دەربڕی و جەختی لەسەر ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی جێی متمانە کردەوە.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت لەوبارەیەوە گوتی: ئێمە تەنیا شەڕکەری باش نین، بەڵکو دەتوانین پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئاشتی و خۆشگوزەرانیش بنیات بنێین.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی نزیكه‌ی هەفتەیەکە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە ئەمریکایە و لەوکاتەشەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزی لە واشنتن ساز داوه‌، كه‌ له‌نێویاندا لەگەڵ مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، وەزیری ناوخۆ و وەزیری وزە كۆ بووه‌ته‌وه‌، ئەمەش جگە لەو کۆبوونه‌وانه‌ی لەگەڵ زیاتر لە ١٠ کۆنگرێسمان ئەمریکا كۆ بووه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیی واژۆکردنی دوو گرێبەستی گرانبەهای بواری وزەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەهای زیاتر لە ١١٠ ملیار دۆلار کردووه‌.

ڕێککەوتنە نوێیەکان کە حکومەتی ئەمریکا بە تەواوەتی پشتگرییان لێ دەکات، بریتییە لە پەرەپێدانی ٨ تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و ٥ تریلیۆن پێ سێجای دیکەی غاز، و ٩٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەخۆ دەگرن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو چاوپێكه‌وتنه‌دا، باسی لە رێککەوتنەکان کرد و ئاماژەی بە دەستووری عێراق و مافی یاسایی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و گوتیشی “ئەم کۆمپانیایانە ماوەی ١٥ ساڵە لە کوردستان کار دەکەن.”

دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە بارودۆخی ئێستای تەواوی ناوچەکە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری ئەمریکا بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر سووریا دەربڕی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هۆشداریدا لە نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەکە رەنگە رێگە بۆ چەکدارانی گرووپی داعش بدات خۆیان رێکبخەنەوە.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و گفتوگۆکانی ئێستایان، مەسرور بارزانی بە فۆکس نیوزی راگەیاند: هیوادارین دانوستانە ئەتۆمییەکان بگەنە ئەنجامی ئاشتیانە، چونکە بۆ هەموو کێشیەیە ئێمە پێمانوایە پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، لە جیاتی ململانێ.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی رابردووی ئەمریکا و کورد، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریکا کردەوە، وەک فاکتەرێکی گرنگ لە شەڕی دژی چەکدارانی داعش.

دووپاتیشی کردەوە: ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە هاوپه‌یمان و هاوبەشی ئەمریکاین.

هاوكات سەرۆکی حكومه‌ت داوای هاوپەیمانێتییه‌كی قووڵتر لەگەڵ ئەمریکا دەکات، رایدەگەیەنێ كه‌ دەیانەوێ لەگەڵ ئەمریکا ئاشتی و خۆشگوزەرانیش بنیات بنێین.

Back to top button