پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ خرانە لیستی مووچەوە

وەزارەتى دارایى و ئابوورى رایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ خێرا راییکردنى مامەڵەى خانەنشینان، دەشڵێت، بۆ لیستى مووچەى مانگى پێنج، زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشینى نوێ خراونەتەوە لیستى مووچە.
دەقی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی :
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر چەندین ڕێکار و هەنگاوی پێویست بۆ خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان گیراونەتە بەر، لە چوارچێوەی ئەوەشدا داوا لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە کە لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواوبووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ڕەوانەی خانەنشینی دەکرێن.
لە ئەنجامی ئەو رێکارانەی لە دوو مانگی رابردوو گیرانەبەر توانراوە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار ( 5261 ) پێنج هەزار و دووسەد و شەست و یەک خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە تا لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار مووچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە بە پێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیرکراوە.