مووچەی چەند مانگێكی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەكرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، مووچەی چەند مانگێكی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەكرێت.
لە راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (279) لە 19/3/2025 تایبەت بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە مانگانە دەچێتە بەغدا قبووڵ نەكراون و ماوەی چەند مانگێكە شایستەكانیان بۆ خەرج نەكراوە، لەو بارەیەوە چەند بڕیارێك لەسەر میكانیزم و شێوازی پێدانی شایستەكانیان درا بەم شێوەیە.
1-رۆژی چوارشەممە (28 ی ئایاری 2025 ) مووچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
2- هاوكات مووچەی مانگەكانی (3،4،5،6،7) ی ساڵی 2024 ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەكرێت كە لەو مانگانە دامەزراون و شایستەكانیان بۆ خەرج نەكراوە.
3- لە مانگەكانی داهاتوودا لەگەڵ خەرجكردنی مووچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو مووچانەشیان بۆ خەرج دەكرێتەوە كە لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستە پێیان نەدراوە.
4-لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت كە تێكڕای تەمویلەكەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.