ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامەکانی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکات و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانیەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە حەفتەی رابردوودا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و روونیکردەوە کە ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.
پاشان سەرۆک وەزیران پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمریکا خستەڕوو.
لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.
سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.
دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و رێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.