وەزیری ناوخۆ: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە

وەزیری ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. دەشڵێت: “بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە.”

پێنجشەممە، 29-05-2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بەشداری لە هەڵمەتی نیشتمانی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کرد، لە وتارێکدا باسی لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوە و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان کرد.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی گوتارەکەیدا وتی: “ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جیددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە.”

ئاشکراشی کرد “لەم ساڵانەی دواییدا لەسەرتاسەری جیهاندا، رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە.”

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا “بەپێی راپۆرتی رێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن.”

رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد “بەداخەوە بە هۆی رەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە.”

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم رووەشەوە، هەماهەنگی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە.”

Back to top button