نووسەرێکی عێراقی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردەكەوێ و عێراقیش لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێ

نووسەرێکی عێراقی سەبارەت بە گرێبەستەکانی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمرکییەکان دەڵێت: هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە دوو کێڵگەی غاز لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە تێچووی 110 ملیار دۆلار گرێبەستی کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غاز و وزە لە تەواوی عێراقدا.
دەشڵێت: ئەمریکا دەیەوێت عێراقیش ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام میلیشیا دووپشکەکانی لایەنگری ئێران وەک کۆسپ لەبەردەم ئەو هەوڵەدا وەستاون.
سەجاد تەقی کازم، نووسەر و ڕۆژنامەوانی عێراقی، لە وتارێکدا کە ماڵپەڕی (صوت العراق) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی غازی کوردستان بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار سەر کەوت، ئەمریکا دەیەوێت عێراقیش ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام میلیشیا دووپشکەکانی لایەنگری ئێران وەک کۆسپ لەبەردەم ئەو هەوڵەدا وەستاون.
ئەو نووسەرە عێراقییە دەشڵێت: لە عێراقدا دەیان گرووپی چەکداری لایەنگری ئێران هەن کە بەئاشکرا دوژمنایەتیی ئەمریکا دەکەن و سەربازگەکانی سوپای عێراق دەکەنە ئامانج کە هێزەکانی هاوپەیمانی لەوێدان. هەروەها چەکدارەکان کەسانی ئەمریکایی و ڕۆژئاواییەکان دەڕفێنن، وەکوو ئۆسترالییە ڕفێندراوەکە، لەدواییدا پێشنیازی ئازادکردنی کرا بەرامبەر بە ئازادکردنی ئێرانییەک. (بۆچی لە بنەڕەتدا بیانییە ڕۆژئاواییەکان لە عێراقەوە بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەڕفێندرێن؟) ئەگەر چەکدارەکان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوایی لە عێراقدا دەستگیر بکەن.
هەروەها دەشڵێت: چۆن لە ناوەڕاست و باشوور، ئەمنییەت بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان پێشکەش بکەین، ئەگەر چەکدارە حەشدییەکان خەڵك بڕفێنن و بکوژن و سەروەریی عێراق پێشێل بکەن؟.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، نووسەرە عێراقییەکە باس لە سەرکەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شکستەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردوودا 100 ملیار بۆ کارەبا خەرج کرا، كەچی عێراق لە خراپەوە بەرەو خراپتر چوو و کێشەی کارەباش چارەسەر نەکرا. وڵات بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە نغرۆ بووە لە قەیران، لە کێشەی کارەبا و تا غاز، لە بێکاری ملیۆنانەوە تا داڕووخانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە و بڵاوبوونەوەی هۆشبەرەکان.. هتد.
ئەو نووسەرە عێراقییە دەشڵێت: بزانن هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە دوو کێڵگەی غاز لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە تێچووی ١١٠ ملیار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غاز و وزە لە تەواوی عێراقدا گرێبەستی کردووە.