فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق: بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستانە.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکەنەوە، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستورە و بێڕێزكردنە بە كەرامەتی فەرمانبەران و سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستانە.

فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێدا هاتووە، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستورە و بێڕێزكردنە بە كەرامەتی فەرمانبەران و سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستانە.

هەروەها داواشیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەشڵێن :” داوا لە سەرکۆمار و وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق دەکەین، هەڵویستی روون و ئاشکرای خۆیان لەسەر پرسی مووچە بخەنەڕوو.

کورتکراوەی راگەیاندراوی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق تێیدا هاتووە:

📌به‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ و ڕاگرتن و خه‌رج نه‌كردن و نه‌ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تووشی سه‌رسوڕمانی بوون.

📌بە سەرنجدان بە بارودۆخی مرۆیی و ئەو بارودۆخە سەختەی بەردەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کە بە هۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵیەوە گەیشتووەتە ئاستی برسیه‌تی و شه‌ڕی بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌یان

📌ئەم بڕیارە ئامانجێكی سیاسیی له‌ پشته‌‌ و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، کە به‌ پێی مادده‌ی (37/ یه‌كه‌م) گەرەنتی پاراستنی شكۆ و ڕێزی هاووڵاتییان ده‌كات بەبێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخەکان.

📌ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ به‌رانبه‌ر به‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (14)ـی ده‌ستووره‌ كه‌ مافی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بۆ ته‌واوی هاووڵاتییانی عێراق له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌.

📌لەسەر بنەمای ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیاریه‌تی ئەخلاقی، بە فەرمی داوایان لە محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بە پەلە دەستوەردان بکات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافی هاووڵاتییان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە نەبەستێتەوە

‌ 📌مووچه‌ منه‌ت نییه‌، به‌ڵكوو مافێكی ده‌ستووری و مرۆییه‌ و بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر كراوه‌، بۆیه‌ دواخستن و ڕاگرتنی ده‌بێته‌ سزادانێكی به‌ كۆمه‌ڵ و ته‌نیا فه‌رمانبه‌ران له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرن.

📌داوای چارەسەری ڕیشەیی و هەمیشەییان بۆ کێشەی مووچەی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان کردووە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی پێویست كه‌ له‌گه‌ڵ ئازه‌ركانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا یه‌ك بگرێته‌وه‌.

📌داوایان له‌ سه‌رۆك كۆمار و وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی فیدراڵ كردووه‌ هەڵوێستی روون و ئاشکرای خۆیان سەبارەت بەو دوژمنكارییانه‌ ده‌ربڕن كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ده‌كرێت.

Back to top button