
هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی “تەوتین و داهاتی نانەوتی و رادەستکردنی نەوت” دەداتەوە.
د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند،” ساڵی رابردوو نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی عێراق کرد، بەڵام بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی تێچووی ئەو نەوتە بدات. بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی ماددەی 29 پابەندییەکان دەستنیشانکراوە، بڕی %50ـی گومرگ و زەریبە دراوەتە حکومەتی عێراق و ئەم یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ کراوە.
دەشڵێت: لە راپۆرتی هاوبەشی چاودێری دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووە 365 هەزار فەرمانبەر بە “هەژماری من” مووچەیان وەرگرتووە. لەلایەکی دیکە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، ئەمە پرۆسەیەکە قۆناغ بەندییە.
باسی لەوەشکرد:” بەپێی یاسای موازەنە ماددەی 60 ئەگەر پارەی موازەنەش نەمێنێت دەبێت پارە مووچە و بژێوی ژیانی خەڵک تەرخان بکرێت.
گوتیشی:” لە ماددەی 121ـی دەستوور پێویستە عێراق بەشێک لە داهاتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی، بەڵام هیچی نەناردووە.
ئەوەشی هێنایەوە باس کە مانگانە پێش ئەوەی مووچەی عێراق دابەش بکرێت لیستی مووچە دەنێردرا، بەڵام ئەوان دوای هەموو وەزارەتەکان مووچەی هەرێمی کوردستانیان دەنارد. ئەمە ئەوە دەردەخات عێراق بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئێوە پلە دوون.
هەروەها عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی:” زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار تەنیا بۆ شایستەی مووچەیە، بەڵام ئەوەی بەغدا ناچێت بەلایەوە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان دوو ترلیۆن دیناری بۆ خزمەتگوزارییە گیشتییەکان (تەشغیلی) هەیە، چوار ترلیۆن دیناریش موازەنەی وەبەرهێنانە کەچی هیچیان نەناردووە.
لەکۆتاییدا گوتی،” عێراق لە ساڵی 2015 نزیکەی 185 ترلیۆن دینار قەرز و حەواڵاتی گەنجینەی وەرگرتووە، نزیکەی 79 ترلیۆن سوود و ئەقساتی داوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 54 ترلیۆن دیناری قەرزی نێودەوڵەتییە، بە هیچ شێوەیەک ئەم پارانە هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە. بەڵام دانەوەی قەرزەکە لەسەر هەرێمی کوردستان حساب دەکەن.