مافى مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان: بڕینی مووچه‌ بڕیارێكی ناده‌ستوورییه‌ و پێویسته‌ سوودانى چاره‌سه‌رى بكات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێک بڵاودەکاتەوە لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و داوای چارەسەری ئەو پرسەش دەکات پاڵپشت بە دەستورو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى ئایارى 2025 له‌ په‌یمانێكیدا نووسیویه‌تى: “بەداخەوە دیسان پرسی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستا و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سەری هەڵدایه‌وە و بووە باس و پرسی خەڵک”.

جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچه‌خۆرانى هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر بیانویەک بێت پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی کێشە و پرسە سیاسیەکان بکرێت. بڕینی قووتی خەڵک کە مافی خۆیانە بۆ ژیانکردن، تاوانێکی گەورەیە، ئەوە جگە لەوەی مووچەخۆران تووشی دڵەڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەری گەورە لەسه‌ر بازاڕ و کاسبی هاووڵاتیان دروست دەکات.

ده‌سته‌كه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، بەداخە بۆ ئه‌وه‌ى لەکاتێکدا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز لەبری ئەوەی بەغدا هەنگاوی تری هاویشتبا بۆ چارەسەری کێشەکان و دەبوو زووتر مووچە بنێری تاوەکو خەڵک بۆ جەژن پێداویستیەکانیان دابین بکەن، کەچی بڕیاری نەناردنی مووچەیان دا و مووچەخۆرانیان هەناسە ساردکرد، تێکەڵکردنی مووچەی هاووڵاتیان بەهەر پرسێکی تر کارێکی ڕێگە پێنەدراوو نادەستووریە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان داوا له‌ سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێڕاقی فیدڕاڵ دەکەین هەرچی زووە مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بنێرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گڤتوگۆ و دانوستاندن و پشتبەستن بەدەستورو ڕێککەوتنەکان.

هه‌روه‌ها داوا لە بەرپرسان و نوێنەرانی کوڕدستان لەبەغدا دەکەن هەموو هەوڵێکی دبلۆماسی و دەستووری بگرنە بەر بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە پێش جەژن، چونکە چیتر فەرمانبەران بەرگەی ئەو سزایانە ناگرن کە بەرامبەریان دەکرێ و پێویستە بڕیارو قسەی جددی و یەکلاکەرەوە بکەن.

Back to top button