مێژووی خۆی چەند بارە دەکاتەوە، ئاخ نۆکەرایەتی!

تا پێش چەند ساڵێک بابەتی یەکڕیزی لایەنەکان، تەنھا گوتار بوو، لێ لەڕووی کرداریەوە وانەبوو.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە عێراقی نافیدڕالی دەگوزرەێت، ھەر بابەت مووچە و بودجە نییە، ئەوەی ھەیە، ئامانج و مەبەست لێی نەمانی کوردستان و باوەڕ نەبوونە بە بوونی کوردستان و دەستوور و مافی گەلانی کوردستان.

دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە کوردستانییەکان، فرەڕەھەند، مانادار و دەرخەری نییەتی گەورەی پارتی لەمەڕ پرس و بابەتگەلێکی گەوەرە بوو.

ئەوەی کاری باش بوو، پارتی گوتی حزب و لایەنە کوردستانیەکان، ئەوانەشی کە بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد، زۆر ئازایانەو بێ شەرمانە ماھیەتی خۆیان لە کوردستانی نەبوون دەرخست، لەنێوان بەرەی گەل و بەرەی قەل، بەرەی دووەم نۆکەرایەتیان ھەڵبژارد، نەک جارێک ھەزاران جار پیرۆزتان بێت، ئەو نۆکەرایەتی و بێگانەو پول پەرستییە! ئاخر مێژووی چۆن چەند بارەنابێ، ئەوڕۆ نییە دەمێکە شتێک بەناوی یەکڕیزی نەماوە، بەڵکو ڕیزی گەل و ڕیزی دژە گەل لە ململانێی قوڵ و توند دان.

سەرچاوە مێژوویەکان پێمان دەڵێن، ئەو نەخۆشیە تازە نییە، لەزەمەنی میرنشینەکانیش ھەر وابووە. پەیمانی پیرۆز بە نموونە، کەم کەس ھەیە ناوی پەیمانی پیرۆزی بەر گوێ نەکەوتبێ، کە دەڵێی پەیمانی پیرۆز وا دێتە خەیاڵت، دەبێ چ ڕێککەوتن و پەیمانێکی گەورە و ستراتیژی واژوو کرابێ؟ کەچی لە نێوەڕۆک ھەر ھێندە بووە.

ماوەیەکی زۆر بوو میرەکان و کاربەدەستانی میرنشینەکان لەگەڵ یەک دڕ دۆنگ و بێ پەیوەندی بوونە، میر محەممەد، پێشنیار دەکات دەعوەتێکی سەرجەم میرنشینەکان بکات و بە بێ ھیچ گفتوگۆیەکی جددی ژەمەنانێک پێکەوە بخۆن، پێشنیارەکەی سەر دەگرێت و پێکەوە ئەو نانە دەخۆن، ئەوە ناوی لێ دەنێن ‘پەیمانی پیرۆز’.

ئاخر گریمان ھەرێمی کوردستان لە بوونی ئەو کێشەیەی ھەیە لەگەڵ عێراق، خەتابار بێت، ئەو حزبۆکەی بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد، وا باش بوو بھاتبایە و سەرجەم سەرنج و تێبینی خۆی لەو کۆبوونەوەیە بخستبایە ڕوو، بەڵام کەس و لایەنێک ئیڕادەی لەدەست خۆی نەبێ، حەدی چییە بچێتە کۆبوونەوەیەک کە ئاغاکەی بە سکرتێری سکرتێرەکەی تەلەفۆنی بۆ بکات و پێی بڵێ بۆت نییە بچیە ئەو کۆبوونەوەیە، نەک جارێک ھەزار جار پیرۆزتان بێ، جلی تازەی جاشایەتیت!

ئیتر ڕۆژان ڕۆژانی لەدوایە، بە پشتیوانی خوای گەورە و ھێز و باوەڕی نیشتیمان پەرستان و بڕوای بڕواداران بە ڕەوایەتی کێشەی خەڵک و خاکی کوردستان، لەو ھەورازەش بەسەری بڵندەوە سەر دەکەوین و ئێمە خۆ نەچەمێن و سەربەرز و سەرکەوتوو، ئێوەش وەک ھەمیشە سەرکزو سەر شۆڕ.

دەمێکە ئێمە بەیانمان کردوە، سەری خۆمان پێشکەش بە سەرۆکێک کردوە، نەک نای فرۆشێ، بەڵکوو بۆ ھەمیشە، سەربڵند و و سەرفیراز و سەرمان دەخات، نەک ئەوڕۆ بۆ ھەمیشە ھەژار ئاسا، دەیڵێینەوە، باب و براو کەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی.

Back to top button