دیپلۆماسیەتی كوردستان بە هەڵوێستی شۆڤێنیانەی قەیس خەزعەلییەكان ناوەستێت
نەجمەدین حەسەن مستەفا

دوای سەردانە مێژووییەكەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا و واژووكردنی دوو گرێبەست لە بواری غاز و وزە و جووڵەیەكی گەورەی دیپلۆماسی، جارێكی تر نەیارانی كورد و هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و عێراق دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵوێست دەنوێنن و دژایەتی خۆیان بۆ هەرێم دووپات دەكەنەوە، هەم لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران كە وەك كارتێكی سیاسی لە دژی هەرێم بەكاری دەهێن، هەم بە قسە و لێدوانی هەندێك فاشیست و خاوەن گرووپی تیرۆریستی لە عێراق كە بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو قەوارەیەی كوردستان دووپات دەكەنەوە.
دیارترینیان قەیس خەزعەلی، سەركردەی دیاری شیعەكان و عەسائیب ئەهلی حەق كە ئەو پیاوە پێشتر لە ساڵی 2006 لەلایەن ئەمەریكاییەكانەوە دەستگیر كراوە و دواتر لە سوپای مەهدیش دەركرا و گروپی عەسائیب ئەهلی حەقی دروستكرد، ئەو گرووپە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
ئینجا كەسێكی وەك قەیس خەزعەلی ئەوە ڕابردووی بێت و تێوەگلابێت لە دروستكردنی گرووپی لەیاسادەرچوو، چۆن چۆنی چاوی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵدێت؟ بێگومان قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی دەزانن هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی گەشی ئابووری و دیپلۆماسی هەنگاوی نوێ دەنێت و ناوەستێت، ئەمەش لە زیانی ئەو گرووپە لەیاسادەرچووانەیە كە بەشێك قەیس خەزعەلی سەرپەرشتیان دەكات، بۆیە چاویان بە هەرێم هەڵنایەت و بە قسە و لێدوان دژایەتی دەكەن و تۆمەتی ناڕەوا دەدەنە پاڵ هەرێم، پێشتر لە مووشەكبارانكردنی هەولێر شكستیان خوارد و نەیانتوانی شەڕی ئیرادە لەگەڵ هەولێر بكەن.
قەیس خەزعەلی و دارودەستە و هاوفیكرەكانی دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن كە هەرێمی كوردستان بە هەڕەشە و هەڵوێستی دوژمانەی ئەو و هاوشێوەكانی، لە پێشكەوتن و جووڵە دیپلۆماسییەكانی ناوەستێت و بە پاڵپشتیی دۆستانی كورد ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا هەولێر دەبێتە یەكێك لە ناوەندە گەورە سیاسییەكانی ناوچەكە و پرسی كوردی تێدا بەرەوپێش دەبردرێت و كاریگەری گەورەی لەسەر ناوچەكەش دەبێت، بەڵام قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی هیچ داهاتوویەكی ڕوونیان نییە، گرووپە لەیاسادەرچووەكان سەرئەنجام دەبێت كۆتاییان بێت، چونكە مەترسین بۆسەر بەرژەوەندی وڵات بە گشتی.
قەیس خەزعەلی و هاوفیكرەكانی، خاوەن عەقڵیەتێكی شۆڤێنیستە و ناتوانن كورد وەك نەتەوەیەك قەبووڵ بكەن، ئەو گرووپانە دەیانەوێت كەشی سیاسیی عێراق ئارام نەبێت، بۆ ئەوەی كاری قاچاغچێتی و خراپەكاری بكەن بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان، ئەو گرووپانەی قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی، سەرئەنجام دەبێت دادگایی بكرێن، بەهۆی ئەوەی هەرچی كارێكی نابەجێ و نایاسایی هەیە دەیكەن، بەڵام بۆ شاردنەوەی كارە خراپەكانیان پەنا بۆ دژایەتیكردنی كوردستان دەبەن، بۆ ئەوەی خۆیان لای شۆڤێنیستەكانی تری عێراق خۆشەویست بكەن.
خەڵكی خاوەن ویژدانی عەرەب و عێراقییەكان دەزانن عێراق بەهۆی قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی دووچاری هەڕەشە و نائارامی بووەتەوە و بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك عێراقییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو گرووپانە دەوەستێنن و دەیاندەنە دادگە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكەن.
پێش هەرێمی كوردستان، دەبێت عێراقییەكان ئەو ڕاستییە بزانن قەیس خەزعەلییەكان گەورەترین هەڕەشەن بۆسەر عێراق و هۆكاری سەرەكین كە ئەو وڵاتە پێشنەكەوێت و هەر ڕۆژەی بەجۆرێك گرفیتی بۆ دروست ببێت، چونكە ئەو گرووپانە لەیاسادەرچون و نایانەوێت عێراق سەقامگیر ببێت، ئەوانە دەیانەوێت ئارامی هەرێمی كوردستانیش تێك بدەن بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان باشتر لە عێراق قایم بكەن بۆ خراپەكاری و تاڵانچێتی و قاچاغچیەتی.
قەیس خەزعەلی و هاوفیكرەكانی دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن كوردستان بە هەڕەشە و هەڵوێستی دوژمنكارانە و مووچەبڕین و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لاواز نابێت، كورد خاوەن دۆزێكی ڕەوایە و بەهیچ جۆرە كەسێك و دژایەتیكردنی، ئەو دۆزە ڕەوایەی كورد كۆتایی نایەت، بگرە هەتا دژایەتیمان بكرێت، كورد و پارتی، بەهێزتر دەبن بۆ بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان، هزری شۆڤینی قەومی یان تایەفی و ئایینی بێت، كۆتاییەكەی هەر شكست و دۆڕانە، چونكە ئیرادەی گەلی كوردستان لە پیلانی قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی بەهێزترە.