عەزیز ئەحمەد: حكومەت پشتگیری دەستپێشخەری چاكسازی لە سێكتەری بانكی دەكات

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری دەستپێشخەری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق، بۆ چاكسازی لە سێكتەری بانكی دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەممە 1ی حوزەیرانی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە X پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، سەرۆكی حكومەت مانگی رابردوو بە گەنجینەی ئەمەریكای ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری دەستپێشخەری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، عەلی عەلاق، بۆ چاكسازی لە سێكتەری بانكی دەكات.
دەشڵێت، “ئێمە پشتگیری چاودێری تەواوی بانكی ناوەندی عێراق دەكەین بەسەر هەموو بانكەكانەوە، لەنێویشیاندا بانكە حكوومییەكان، یاساكان پێویستە بانكەكانی ڕەشید، ڕافیدەین و تی بی ئای بگرێتەوە، وەك چۆن بانكی ناحكوومییەكانی تری وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش بە وردبینی ساڵانە و دەرەكی دەست پێ دەكات”.
هەروەك دووپات لەوە دەكاتەوە، بوونی ڕێكخەرێكی بانكی سەربەخۆ و بێلایەن، لە بەرژەوەندی تەواوی عێراق دایە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دەبێت بانكی ناوەندی عێراقی دەسەڵاتی پێویستی پێ بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و باوەڕپێكراوی بۆ سێكتەری پێڕانەگەیشتووی بانكی، سێكتەرێك كەوا زیاتر لە 30 بانك تیایدا سزادراون، یان ئابڵووقەیان خراوەتە سەر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.
دووپات لەوەیش دەكاتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوكردنی مافی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی بەكارهێنەرانی هەرێمی كوردستان لە سپیكردنەوە و بەقاچاخ بردنی پارە، ئەمەش دووبارە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق دایە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا ئەوە ئاشكرا بووە، كۆمپانیای “كی كارد” كە هاوبەشی بانكی ڕافیدەینە بۆ دەركردنی كارتی بانكی، مانگانە مووچەی حەوت ملیۆن مووچەخۆر دەدات، نزیكەی 500 ملیۆن دۆلاری بە قاچاخ بردووە بۆ ئیمارات، ئوردن، توركیا و وڵاتانی تر.