کۆمپانیای زۆم خەڵاتێکی نێودەولەتی بەدەستهێنا

رۆژی 3ی ئایاری 2025 لە شاری هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا، کۆمپانیایی زۆم خەڵاتی (کۆتلەر)ـی بەدەستهێنا، کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بواری بازاڕ و بازرگانی و داهێناندا بەو کۆمپانیا و کەسانە دەدرێت کە خاوەنی بیرۆکەی جیاوازن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆمەڵگە و ئابووری ووڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی رایگەیاند، “ئەمڕۆ لە قەزای پیرمام، لەلایەن عەبدولعەزیز شێروانی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای زۆم خەڵاتەکەی بەدیاری پێشکەش بە مەلامستەفا بارزانی کرا، لە بەرامبەر شەونخونی و خەمخۆری بەڕێزیان بۆ دامەزراندنی ئەم پرۆژە مەزن و کاریگەرە، کە سەدان خانەوادەی هەژار و کەم دەرامەت لێی سوودمەند بوون هەروەها بەرهەمێکی خۆماڵی و سروشتیی دەخرێتە ناو بازاڕی کوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەش دا، “مەلامستەفا بارزانی دەستخۆشی لە ستافی زۆم کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربری بۆ ئەم دەستکەوتە مەزنە و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خێزانی زۆم کرد، کە پێکدێت لە کارمەندانی زۆم و جووتیار، ئاژەڵداران و هاووڵاتیان هەروەها ئەو دایکە شەهید و ئەنفالانەی بە بەرهەمی ئاژەڵەکانیان بەشدارن لەم سەرکەوتنە مەزنەی زۆم.”
شیاوی باسە، خەڵاتی کۆتلەر، بۆ یەکەمین جاره لە عێراقدا بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگادا دابەش دەکرێت، کۆمپانیای زۆم لە بواری شیرەمەنی، بە هۆی کاریگەری و کوالێتی بەرهەمەکانی و بەرەوپێش بردنی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان و عێراق، توانی براوەی ئەم خەڵاتە بێت.