کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بەیاننامەیەکی توند بڵاودەکاتەوە

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەسەر بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق و بێدەنگیەکەی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

‌‎دەقی بەیاننامەکە:

‌‎کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە توندی هەڵوێستی شۆڤینیانەی حکومەتی عێراق، سەرکۆنە و ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە مافە ئابووری و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو کارەی عێراق پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و دژی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و دەستوری عێراق و ڕێککەوتننامە ناوخۆییەکانی عێراقیشە.

‌‎بێدەنگی حکومەتی عێراق، جینۆسایدێکی ئابوورییە دەرهەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە ئەم داواکارییانە ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق دەکەین:

‌‎1.حکومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنە داراییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای بودجە بێت.

‌‎2.داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی مرۆڤدۆستانی جیهان دەکەین، هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر بە سیاسەتی برسیکردنی کوردستانییان..

‌‎3.ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، داوا لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان ، میدکاران ، کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین ، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن بەرامبەر بەو پێشلکارییە ڕوونەی حکوومەتی عێراق هەمبەر بە گەلەکەمان.

4. داوا لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی جیهان دەکەین، کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بارەگایان هەیە، هەڵوێستی جدی بەرامبەر بەم پێشلکارییە دەستوورییە پیشان بدەن..

‌‎ئێمە وەک کونفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە خاک و ئاڵا و مافەکەکانی نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان دەکەین، و داوای چارەسەری کێشەکان بە ڕێگەی دانوستاندن و گفتوگۆی ئاشتییانە دەکەین.

‌‎لە کۆتاییدا دەڵێین، مافی ژیانی شایستە و وەرگرتنی مووچە، مافێکی بنەڕەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و لەژێر هیچ بەهانەیەک ناکرێت تێکەڵ بە ئەجێندای سیاسی و بکرێتە مادەی هەڵبژاردن.

‌‎بژی کورد و کوردستان

‌‎ئیسماعیل کامل
‌‎سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
1ی حوزەیرانی 2025

Back to top button