رۆژنامەی وۆڵسرتریت جۆرناڵی ئەمریکی: لە عێراق كارتی پارەدان بۆ قاچاخچێتی دۆلار بەکارهێنراوە

 

رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی، لەسەر زاری بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی، ئاشکرای کردووە کە تاک و گرووپەکان، خزمەتگوزارییەکانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی ماستەرکارد و ڤیزاكاردیان بۆ قاچاخیکردن بە دۆلار لە عێراقەوە بەکارهێناوە و دواتر لە ناوخۆی وڵاتدا بە نرخی بازاڕی رەشی دۆلار بە دینار کێشاویانەتەوە، کە قازانجێکی زیاتر لە ملیارێک دۆلاریان بەدەست هێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە قەبارەی گواستنەوە لە سەرەتای ساڵی 2023 لە 50 ملیۆن دۆلاری مانگانە تێنەدەپەڕی، بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا لەناکاو بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار، بە زیادبوونێک کە گەیشتووەتە 2900%.

(وۆڵ ستریت) ئاماژەی بەوەش كردووە، چەند بەڵگەنامەیەكیان بینیوە کە ئاماژە بەوە دەکەن، لە هەندێک حاڵەتدا لایەنە عێراقییەکان کارتی ئەلیکترۆنی دەردەکەن کە پەیوەندییان بە سوودمەندان و گرووپەکانەوە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لایەنی دەستکاری و ساختەکاری لە وڵاتێکدا کە بە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی ناسراوە.

سەرەڕای ئەوەش، دوای ئاشکراکردنی ئەم دۆخە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، کۆمپانیاکانی کارتی کرێدیت چەندین مانگیان پێ چوو تا بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی مامەڵەکانی گواستنەوەی دارایی بکەن، کە لە لوتکەکەی دابەزی، بەڵام هێشتا لەنێوان نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار و 1.1 ملیار دۆلار مانگانەدا بوو تا سەرەتای ئەمساڵ.

بەپێی کەسانی ئاگادار لە بابەتەکە، بانکی ناوەندی عێراق، لە هەوڵێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی پارەدانەکانی کارت، لەم دواییانەدا سنوورێکی بۆ ئەم پارەدانانە دیاری کردووە کە مانگانە تەنیا 300 ملیۆن دۆلارە.

لە عێراق دوو نرخی گۆڕینەوەی دۆلار هەیە: نرخێکی فەرمی و نرخێکی بەرزتری نافەرمی. ئەمە واتە کەسێک دەتوانێت کارتی پێشەکیی پارەدان و کارتی کرێدیت لە عێراق بکڕێت و پارە بە دۆلار لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نرخی فەرمی عێراقی دەربهێنێت، پاشان بگەڕێتەوە بۆ عێراق و جارێکی دیكە بیگۆڕێتەوە بۆ دینار بە نرخی بازاڕی ڕەشی دۆلاری نافەرمی. ئەم شێوازە قازانجێک دەستەبەر دەکات کە دەگاتە زیاتر لە 21%.

ئەمە جگە لەوەی کە کۆمپانیاکانی ماستەرکارد و ڤیزاکارد سوود لە سەپاندنی باجی نێوان 1% بۆ 1.4% لەسەر مامەڵەکانی گواستنەوەی پارە لە سنوورەکان یان زیاتر لە بازاڕە رەشەكاندا، وەردەگرن.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە، تێکڕای قازانجی هەڵگرانی کارتە عێراقییەکان کە لەم شێوازەی گواستنەوەدا چالاک بوون، تەنیا لە ساڵی 2023دا گەیشتە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار. هەروەها تۆڕەکانی کارتی گواستنەوەی دەرەکی لەنێوانیاندا قازانجێکیان بەدەست هێنا کە گەیشتە 120 ملیۆن دۆلار.

ئاماژە بەوەش دەکرێت کە قەبڵاندنی داهاتەکان لە ساڵی 2024دا بەرز بووەتەوە، ئەوەش لەو کاتەوەی کە ڕێژەی گواستنەوەکان بە ڕێژەی 60% زیادی کردووە.

رۆژنامەکە لە بەرپرسانی خەزێنەی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە پاییزی رابردوو بە کۆمپانیاکانی کارتی پارەدانیان گوتووە کە هەندێک عێراقی پەیوەندیدار بە گرووپەکان لە هەڵگرانی کارتی پارەدانن کە پڕ کراون لە پارە، ئەم کەسانە کارتەکان دەگوازنەوە بۆ ئیمارات و وڵاتانی دراوسێی دیكە بۆ دەرهێنانی پارەکە.

پاشان دووبارە پارە نەختینەکە دەگەڕێننەوە بۆ عێراق و دەیگۆڕنەوە بۆ دینار، سوود لە جیاوازیی نرخی گۆڕینەوەكە وەردەگرن.

Back to top button