ئومێد شەهید سەید عەبدوڵڵا: باوکم و مامەکانم و بنەماڵەکەمان جگە لە جەنابی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ڕەحمەتی و جەنابی (سەرۆک بارزانی)، پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ لایەنێک و هێزێکی سیاسی نەبووە

ئومێد شەهید سەید عەبدوڵڵا کوڕی یەکەم شەهیدی شەهیدی شۆرەشی گوڵان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەیەکی بڵاوکردۆتەوە.

دەقی نوونکردنەوەکە وەک خۆی:

سڵاو و ڕێز، کوردستانیانی خۆشەویست

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

لێرەوە دەمەوێت وەڵامێک و ڕونکردنەوەیەکی پێویست بدەم بە بەڕێز خدر مستەفا، بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت، وە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

جەنابیان لە ٥٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە گردبوونەوەیێکی حزبی خۆیان وتارێکی پێشکەش کردووە. لەو وتارەیدا باسی باوکی شەهیدم و بنەماڵەکەمان دەکات و دەڵێت: “شەهید سید عەبدوڵڵا یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێی یەکێتیە، وە ئەو مەفرەزەیە لەسەر ڕاسپاردەی مرحوم مام جەلال چەکیان لە شان کردووە و شۆڕشیان هەڵگیرساندۆتەوە.”

بەداخەوە، جەنابیان لەژێر کاریگەری چەند سەرچاوە و کتێب و نامیلکەیێکی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی ئەم وتارەی داوە.

من لێرەوە، وەک کوڕی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و بنەماڵەکەمان کە یەکەم مەفرەزە و چەخماخە لێدەری شۆڕشی گوڵانین، ڕایدەگەیێنین کە:

باوکم و مامەکانم و بنەماڵەکەمان جگە لە جەنابی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ڕەحمەتی و جەنابی (سەرۆک بارزانی)، پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ لایەنێک و هێزێکی سیاسی نەبووە.
بەئیعازی هیچ هێزێک جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی (بارزانیی نەمر) نەبێت، نەچووینەتەوە شاخ.

ئەوەی کە لە مام و ئامۆزاکانم بینیووە تەنها ئەوە بووە کە هەمیشە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی نەمر پەیوەندیان هەبووە. هەرچی خەبات و قوربانیمان هەبوو لەژێر ڕێنمایی و تەوەجوهاتی جەنابی سەرۆک داومانە، و لە پێناوی ئەو ڕێبازە شۆڕشمان کردووە کە ئامانجی گەیشتن بووە بە سەربەخۆیی کوردستان و بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەرچی کتێب و نامیلکە و وتار هەبێت لەسەر چۆنیەتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان ڕەتی دەکەینەوە، چونکە پێمان وایە کە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی خودی خۆی زۆر بە جوانی ئەم بابەتەی لە لاپەڕەکانی مێژووی کورد و کوردستان چەسپاندووە.

زۆرجار لەلایەن هەڤاڵ و دۆستانمان پێمان دەڵێن: “ئێوە بۆ مێژووی بنەماڵەکەتان بە کتێبێک نانووسنەوە؟”

هەمیشە وەڵامی ئێمەوە ئەوە بووە کە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی خودی خۆی مێژووی بنەماڵەکەمان و مێژووی هەموو کوردستانی لە چەند بەرگێکی کتێبی “بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” نووسیوتەوە و، لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەدا کە تایبەتە بە (شۆڕشی گوڵان)، ئەم قۆناغە و حەقیقەتە مێژووییەکانی خراوەتەڕوو، هەر بۆیە هیچ پێویست ناکات ئێمە بنووسین، چونکە ئەوەی کە جەنابیان نووسیویەتی، ئێمەش هەر ئەوە دەنووسینەوە.

قەتیش نەمان ویستووە خەبات و خوێن و قوربانیمان بکەینە منەت بەسەر کورد و کوردستان.

ئومێد شەهید سید عەبدوڵڵا

Back to top button