وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پەیامێکی تووند ئاراستەی بەغدا دەکات

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی قسەکانی وەزارەتی نەوت دەداتەوە کە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی تۆمەتباری کردبوون و دەڵێت: بەیاننامەکەیان “دوورە لە راستی و رەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینەیان نەکردووە.” دەشڵێت: “مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمتان بڕیوە، ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیانن، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.”
دەقی راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکان:
جارێکی دیکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەیاننامەیەکی سیاسی بڵاودەکاتەوە کە تەواو دوورە لە راستییە بابەتییەکان، و لە ڕێگەیەوە سوورە لەسەر سیاسەتی خستنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی شکستە کەڵەکەبووەکان کە، لە بنەڕەتدا، دەرئەنجامی سیاسەتە (ناوەندییەکانن) کە رەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینەیان نەکردووە کە عێراقی فیدراڵی لەسەری بنیات نراوە. پێش چوونە ناو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەی ئیدعاکانی باسکراو، دەمانەوێت لەبەرچاوی رای گشتی چەند راستییەک بخەینەڕوو کە ناتوانرێت نکۆڵییان لێبکرێت و پشتگوێ بخرێن:
ئێوەن کە دەستوور بە شێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن، و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە نەوتییەکان. لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچوون، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری کاری پێکراو. بەوەش نەوەستان، بەڵکو مووچە و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێمتان بڕی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیان، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوا هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێوەن کە نەوت لە باشوور بە قاچاخ دەبەن و هەموو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەمووان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن. ئێوەشن کە نەوت تێکەڵ دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بە سیاسەتگەلێکی جێی داخ کە زیانی بە ناوبانگی نەوتی عێراقی لە ئاستی جیهاندا گەیاندووە.
لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەرکەکانیەوە، سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنی بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی. خستنە ئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن. مافی دەستووریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئێستایەتی، بەڵام هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردوون، و یەک دیناریشتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتن و پابەندییە داراییەکان.
سەبارەت بەوەی لە بەیاننامەکەی دواییتاندا هاتووە، ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ڕووندەکەینەوە، بە شێوەیەک کە گومانی تێدا نییە:
1- حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بووەتە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بوو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد، و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە 25/3/2023 راگیرا، کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار.
2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، و بەدیاریکراوی لە 4/4/2023 رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، بەڵام یاسای بودجە بڕیاریدا لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان واز لە بەرهەمهێنان بهێنن بەپێی ئەم دیاریکردنە.
3- لەسەر داوای وەزارەتی نەوت، بڕێک لە نەوتی هەرێم ڕادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کرا کە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت کاردەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ زیاتر بوو. کۆی گشتیی ئەوەی ڕادەستکرا (11,826,218) بەرمیل بوو. سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی لایەنی هەرێم، یەک دینار لە بەرامبەر ئەم بڕە نەدرا، و بەهۆی ئەوەشەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وازیان لە ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوت هێنا.
4- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی ئێستا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. بە کردەوە چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. سستی و دواکەوتنێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە بەدواداچوونی ئەم دۆسێیە زۆر گرنگە، کە کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتە.
5- بەو پێیەی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، و یەکێک لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئەوەیە کە یاسادانانی تایبەت بە خۆی هەبێت کە کاروباری خۆی ڕێکبخات، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردووە بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گازی ژمارە 22ی ساڵی 2007. ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەم گرێبەستانەدا هەبووایە، ئەوا کۆمپانیا جیهانییە ناودارەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەرێمدا وەبەرهێنان نەدەکرد بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی.
6- عێراق دەستوورێکی هەیە، ئەگەر بە حوکمەکانی کاری پێبکرایە، دەق و ڕۆح، دوور لە هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا، ئەوا دۆخی گشتیی وڵات، و بەتایبەتی دۆسێی نەوتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی و قەیراناویبوون.
7- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەند بووە بە ئەرکەکانیەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کە ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر: فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و سپاردنی تەواوی داهاتی فرۆشتن لە گەنجینەی دەوڵەت، و دیاریکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، و کردنەوەی هەژمارێکی گەرەنتیکراو (Escrow Account) بە ناوی کۆمپانیاکانەوە.
8- کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێم داوای ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەن: (کارکردن بە گرێبەستەکان لە ڕووی مۆدێلی ئابووری، مەرجە بازرگانییەکانی ناو گرێبەست، دەستنەبردن بۆ گرێبەستەکان چونکە ڕێڕەوی یاسایی خۆیان لە دادگا فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە).
دەمانەوێت یادی ئێوە و ڕای گشتی بخەینەوە کە ڕێککەوتنی (کاتی) تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، و ئەو کۆبوونەوە و دیدارانەی دواتر ئەنجامدران، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر نەرمونیانیی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی بۆ هاوکاری، ئەمەش وادەکات ئیدعاکانی وەزارەتەکەتان سەبارەت بە بێسوودیی گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ هەرێم، ئیدعایەکی بێ بنەما بن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
5ی حوزەیرانی 2025