بەهجەت عەلی بۆ خە*زعە*لی: ئەوە ئێوەن بوون بڕواتان بە فیدرالیەت و دەستوور و دیموكراتیەت نەبوو و نیە لەپێناو دیكتاتۆریەت و شۆڤینیەت

بەهجەت عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “من نوێنەرێكی هەڵبژێردراوی كوردستانم، زۆر بە ڕوونی پێت دەڵێم تۆ لەبەر ئەو هۆکارانە لەو پێگەیە نی و مافی ئەوەت نیە قسە لەسەر خەڵكی كوردستان و تەنانەت قسە لەسەر چارەنووسی عێراقیشدا بكەی.”

هەرەوەها وتیشی، “لە نوێژی قوربانیشدا نەتوانی ژەهری ڕق و دوژمنایەتی خۆت لەبەرانبەر كوردستان بشاریەوە و دیسان قسەی ناڕەوات كردبوو. لە قسەكانتدا گوتبووت كوردەكان باوەڕیان بە یەكگرتوویی عێراق نیە. دوای 2003 ئێوە لەسەر شانی كورد هاتنە سەر حوكم، كورد هەموو هەوڵی خۆیدا بۆ ئەوەی پێكەوەژیان هەبێت و عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی، دابمەزرێت و مافی هاووڵاتیبوونی تێدا بچەسپێت، بەڵام ئەوە ئێوەن بوون بڕواتان بە فیدرالیەت و دەستوور و دیموكراتیەت نەبوو و نیە و هەموو هەوڵێكتان لەپێناو ئەوەیە دیكتاتۆریەت و شۆڤینیەتی تایفی لە عێراقدا بەرپا بكەن.”

“ئەوەی بڕوای بە عێراق نیە و لە خەمی عێراق نیە لە ڕاستیدا تۆ و هاوشێوەكانی تۆن. ئێوەن هیچ مانایەكتان بۆ سەروەریی عێراق نەهێشتۆتەوە و چارەنووسی عێراقتان بەستۆتەوە بە ئەجێندای تایفی و ئیقلیمی و دەرەكی و هیچ نرخێكتان بۆ عێراقیبوون نەهێشتۆتەوە.” بەهجەت عەلی وای وت.

دەشڵێت، “تۆ و هاوشێوەكانت مافی قسەكردنتان لەسەر چارەنووسی عێراق نیە چونكە بڕواتان بە هاووڵاتیبوون و دەنگی گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی عێراقی نیە. گەلی عێراق لەبیری نەچووە قەناسبەدەست و چەكدارانی ئێوە بوون سەدان گەنجی بێتاوانی عێراقییان كە لەدەست زوڵمی ئێوە ڕاپەڕیبوون خەڵتانی خوێنتان كرد و شەهیدتان كرد.”

جەختیشدەکاتەوە، “لەو پێگەیە نین كە قسە لەسەر چارەنووس و شێوەی دەوڵەت بكەن چونكە تاڵانچی و قاچاقچین. هەموو خەڵك باش دەزانن كە چیتان كردووە و چ بەڵایەكتان بەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا هێناوە.”

ئاشکراشی کرد، “بۆ ئەوەی راستیەكان باشتر بۆ خەڵكی عێراق روون ببێتەوە، پێشنیار دەكەین لایەنێكی سەربەخۆ و بە وێژدان بێت و بەراوردێك بكات لەنێوان كارەكانی ئێوە و دەستكەوتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئیسپات ببێ كە كێ لەسەر هەقە، بۆ ئەوەی ڕوون بێێتەوە كە كێ نەوت و سامانی عێراقی تاڵان و هەڕاج كردووە و كێ ژیانی لە هاووڵاتیان تاڵ كردووە و كێ بڕوای بە عێراق نیە.”

لە کۆتاییشدا دەڵێت، “خاڵێكی تریش دەمەوێ باس بكەم و ئاوێزەی گوێت بكە: تۆ و هاوشێوەكانت كە دوژمنایەتیی گەلی كوردستان دەكەن و دەتانەوێ سۆزی ڕای گشتیی عەرەبی بە چەواشەكاری بە دەست بێنن، بۆتان نیە قسە بكەن، چونكە نوێنەری خەڵك نین، ئێوە دۆڕاوی هەڵبژاردن بوون و بەهۆی بارودۆخێكی تایبەت و پاشەكشەی براوەكانی هەڵبژاردن وەك (بدل الضائع) هاتنە سەر حوكم. پاشان بە شێوەیەكی ناڕەوا خۆتان بەسەر سەروەت و سامان و چارەنووسی خەڵكی عێراقدا سەپاند و وا خەیاڵت كردووە دەتوانی بەمشێوەیە حوكمی كوردستانیش بكەی؟ باش بزانە لەتۆ زۆر بەهێزتر و دیكتاتۆرتر خۆیان لەدژی كوردستان تاقی كردەوە بەڵام هەموو جیهان دەزانێ چییان بەسەر هات و چارەنووسیان چی بوو.”

Back to top button