شرۆڤەکارێکی سیاسی: نابێت كێشە سیاسییەكان ببنە هۆی بڕینی مووچە

شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی رایگەیاند، بەشێک لە لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، دەیانەوێت جۆرێک لە گرژی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی حوزەیرانی 2025، عەبدوڵلا کینانی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، رایگەیاند “پێویستە پەنا بۆ دەستوور ببەین، دەستوور باس لە چی دەکات، دەستوور چی دەڵێت؟ دەستوور دەڵێت: یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بکەین، ئیستا کە رێککەوتنێکی نەوت لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان ئیمزا کراوە، حکومەتی عێراق دەبێت قبووڵی بکات. بابەتەکان وەک پەڕێکی سپی ئاشکران، نابێت دژایەتی هاووڵاتییانی کورد بکەین.”
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژی بەوەش کرد، رەنگە ئەو پەیوەندییانەی هەیە لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ حکومەت خراپ بێت، بەڵام نابێت ئەمە رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان و مووچەیان ببڕدرێت، چونکە ئەوانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی بەغدا، میسان، کەرکووکە و ڕومادیین. نابێت وا بکرێت ئەم هاووڵاتییانە خۆشەویستییان بۆ وڵاتەکەیان نەمێنێت و دوور بکەنەوە لە وڵاتەکەیان.
روونیشیکردەوە: عێراق وڵاتێکە هەموو نەتەوەیەکی تێدایە، لە کورد، سووننە، شیعە و سائیبە، نامەوێت هەموو ئەمانە باس بکەم، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە؛ نابێت مووچەی هاووڵاتییان لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی ببڕدرێت، دەکرێت گفتوگۆ و لێکگەیتشنمان هەبێت. نەوت هەناردە بکرێت، هەموو ئەمانە ئەگەری هەیە لە ڕووی سیاسییەوە چارە بکرێت، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان هەیە دەیانەوێت جۆرێک لە گرژی هەبێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
عەبدوڵلا کینانی، دەشڵێت “ئێمە دژی هەموو گرژییەکین لە عێراق، دەبێت ئێمە یەک وڵات بین و سامانە سروشتییەکان بۆ هەموو عێراقییەکان بێت، لە بەغدا تاکو بەسرا، لە بەسراشەوە تاکو زاخۆ.”