ڤیان دەخیل: حکومەتی عێراق بڕوای بە دەستوور نییە

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەر حکومەتێک هاتبێتە سەر دەسەڵات کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە حکومەتی عێراق بڕوای بە دەستوور نییە.
یەکشەممە، 8ی حوزەیرانی 2025، ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەر حکومەتێکی عێراقی هاتبێتە سەر دەسەڵات، دەزانێت دەستووری عێراق چییە، چونکە دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری عێراق، ئەوان لەگەڵ ئێمەدا بوون لە دانانی دەستوور.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ئەگەر بێت و باس لە ماف و ئیمتیازی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوان وا دەنوێنن کە هیچ شتێک دەربارەی دەستوور نازانن! ئێمە هەمووکات دەڵێین ئەوان بنەمای فیدراڵی نازانن و نازانن چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. ئەمە وا نییە، ئەوان زۆر باش دەزانن و زۆر بە باشیش دەستووریان خوێندووەتەوە. بەڵام تا ئێستا قبووڵی ناکەن لە دەستووری عێراق ماددەی 117، کە دەڵێت هەرێمی کوردستان با یاسا هەرێمێکی دەستوورییە کیانێکی سیاسییە و حکومەت و پەرلەمان ی خۆی هەیە.
دەشڵێت: ئێمە هەموو ساڵێک کێشەمان لەگەڵ ئەواندا هەیە، هیچ ساڵێک کێشەکانمان لەگەڵ ئەوان چارەسەر نەبووە، ئێمە دەگەینە ئاستێک، ئەوان دێن بە وتارێکی سیاسی یان لێدوانە سیاسییەکانی ئەوان کە بەناو سیاسەتوانن، کێشەیەک دروست دەکەن و هەموویان پێکەوە رێک دەکەون تاکو دژی هەرێمی کوردستان گرفت دروست بکەن.