NRT لێکدانەوەی کردوە یان هەڕەشەی ئێرانمان بە گوێدا دەدات

سه‌رۆ قادر

تەلەفزیۆنی nrt لە2/نیساندا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە کە دوایی لە وێب سایتەکەشی داندراوە. لە ژێر ناوی ( لێکدانەوەیەکی زانستی لەسەر زیانەکانی تەقینەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی لە سلێمانی و هەولێر)، باسی ئەگەری ئەو تەقینەوەیە دەکات کە لە ئەنجامیدا دانیشتیوانی هەردوو شارەکەمان قڕ دەبن! ئەم تەلە فزیۆنە بە چ نیازێک لێکدانەوەی ئاوها لە بارودۆخی شڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؟ ئەوە چ ویژدانێکە سەناریۆی ئاوها دۆزەخی بۆ وڵاتەکەی خۆی دەنەخشێنێ؟ کێ لە پشت ئەم سەناریۆ جەهەننەمیانەیە؟ نیازی چیە؟ هەموو ئەو پرسیارانە مەنتقین.
بەپێی شارەزایی خۆم لە ڕاگەیاندن و سیاسەتدا، نووسینی لەم باببەتە بەرهەمی کارگەی شەڕی دەروونی و گواستنەوەی هەڕەشەی دوژمنێکە نایەوێ ئەم وڵاتە هەبێت. دوو بەرەی جەنگ هەیە، یەکیان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە کوردستان ئەندامێکی بەهێزیەتی، لایەکەی بەرامبەریش ئێرانە. لەبیریشمانە کە وەزیری دەرەوە و سەردارەکانی سوپای ئێران چەندی جار هەڕەشەیان کردوە ئەگەر دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێ، ئەوان جەنگی ئاخیری زەمان دەستپێدەکەن و کوردستان وێران دەکەن.


هەڵبەت ئەم هەڕەشانەی ئێران قیمەتێکی ئەوتۆی نیە، چونکە کوردستان پشتی بە هێزە مەزنەکانی جیهان بەستوە و سەربەخۆیی خۆشی ڕادەگەیەنێت.ئێران نەخاوەنی چەکی ئەتۆمییە و نە دەتوانێ پەلاماری کوردستان بدات. بەڵام دەتوانێ سەناریۆی ترسناک لە پەردەی تەلەفزیۆنەکانی ژێر کاریگەری خۆی بڵاوبکاتەوە. ئێمەش دەتوانین نیازی دۆزەخی ئەو دەوڵەتە و بێویژدانی بڵنگۆ ناوخۆکانی خۆمان ببیستین و بزانین دەوڵەتی کوردستان چ گۆڕانکارییەک دەخاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەندێک هێندە لێی دەترسن. کەواتە دەوڵەتی داهاتو هەر خواستی کوردان نیە، نیازێکی بەشێک لە هێزە کاریگەرەکانی جیهانیشە.

Back to top button