پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 تێكۆشەر و كەسایەتی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكێك لە كادیرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووە و لە دەستپێک و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای راپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.
خوالێخۆشبوو كەیم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی رەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لەدەست دانی كۆستێكی گەورەیە.
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم.
لە خودای مەزن داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
10ـی حوزەیرانی 2025