سەرۆك بارزانی: مردن رێگەیەكی هەقە، هەركەسمان بە رۆژی خۆی دەگاتێ

سەرۆك بارزانی لە كاتی هێنانەوەی تەرمی كەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كاك كەریم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە خانەوادەیەكی كوردپەروەرەوە پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، لەكاتی هێناوەی تەرمی كەریم شنگالی رایگەیاند، لەم رۆژەدا زۆر ئەستەمە ئینسان بتوانێت قسە بكات، چونكە هەڤاڵێكی زۆر نزیك، برایەكی زۆر خۆشەویستمان لەدەست داوە.
زیاتر گوتی، كاك كەریم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە خانەوادەیەكی كوردپەروەرەوە پێگەیشتووە. كە قوتابی بوو لە كۆلێژی یاسا لە بەغدا، لەو وەختەوە كاك كەریم ئەندامێكی كارا بوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، دوای رێككەوتنی 11ی ئازاریش، زۆر گەنج بوو، بەڵام كە دەرچوو لە زانكۆ، سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیەی كرد هی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول. بەڕاستی پیاوی رۆژانی تەنگانە بوو، من شاهێدی تێكۆشان و دڵسۆزی و وەفاداری ئەو برایەم.
لە كۆتایی قسەكانی رایگەیاند، سەرەخۆشی لە كەسوكاری دەكەم، بەڵام پێش ئەوان سەرەخۆشی لە خۆم دەكەم، جێگەی بەهەشتە ئینشائەڵا و مردن رێگەیەكی هەقە، هەركەسمان بە رۆژی خۆی دەگاتێ، ئینشائەڵا خوا ئەو میللەتە بپارێزێ و كوردستان بەختەوەر بێ و ئاوەدان بێ و رۆڵەی دڵسۆزی وەكو كاك كەریمیش ئینشائەڵا هەمیشە هەر لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا بن و زۆر سوپاس.