گۆڤارێکی ئەمریکی: له بەسڕە 3 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار دهكرێت

گۆڤاری (نیو لاینز مەگەزین New Lines Magazine)ی ئەمریکی لە ڕاپۆتێکی نوێیدا، ئامارێکی مەترسیداری تووشبووانی بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە بەسڕە بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، کە زیاتر لە 3000 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوتی باشووری عێراق، تۆمار کراوە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە هۆکاری ئەو ژماره زۆرەی تووشبوون بەنهخۆشی شێرپەنجەی گەڕاندووەتەوە بۆ پیسبوونی هەوا و ژینگهى ناوچهكه، ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکانی نەوت لە بەسڕە پشتیان بە سووتاندنی غاز لە هەوای کراوەدا، بەستووە.
گۆڤارەکە هەروەها دەشڵێت: “عێراق ساڵانە نزیکەی 24 ملیار مەتری سێجا، غازی لە هەوادا سووتاندووە، کە لە پلەی سێیەمی جیهاندایە لە بڕی سووتاندنی غاز لە دوای ڕووسیا و ئێران.”
جێی باسە، لە ساڵی 2022دا کەناڵی (بی بی سی) ڕاپۆرتێکی نهێنیی لەسەر وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاو کردەوە و ئاماژەی بۆ تۆمارکردنی زیادبوون بە ڕێژەی 20% لە حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە بەسرە بۆ ماوەی نێوان 2015 و 2018 کردبوو و هۆکارەکەشی بۆ پیسبوونی هەوا گەڕاندبووەوە.
(بی بی سی) هەروەها ئاشکرای کردبوو: ”جیاوازی لە ژمارەی تووشبوونەکان لەنێوان ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڕاپۆرتی خۆجێیی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی بەسرەدا هەیە، کە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بۆ تۆمارکردنی 2 هەزار و 339 حاڵەتی شێرپەنجە لە بەسرە لە ساڵی 2020دا کردبوو، لە کاتێکدا لە ڕاپۆرتی خۆجێی لە بەسرەدا تۆمارکردنی 8 هەزار و 587 حاڵەتی نوێ هاتبوو.“