بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی مەراسیمی پێشوازی لە تەرمی کەریم شنگالی بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی کەسایەتی و خەباتگێر و تێکۆشەرو نیشتمانپەروەری گەلەکەمان خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی کرا.

لە مەراسیمەکەدا کە بە بەشداری بەرپرسانی حزبی و حکومی و خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر تەرمی خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی دانا و وتارێکی پێشکەش کرد و ئەوەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

لەم رۆژەدا زۆر ئەستەمە ئینسان بتوانێت قسە بكات، چونكە هەڤاڵێكی زۆر نزیك، برایەكی زۆر خۆشەویستمان لەدەست داوە.

كاك كەریم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە خانەوادەیەكی كوردپەروەرەوە پێگەیشتووە. كە قوتابیی بوو لە كۆلێژی یاسا لە بەغدا، لەو وەختەوە كاك كەریم ئەندامێكی كارا بوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان. دوای رێككەوتنی 11ی ئازاریش، زۆر گەنج بوو، بەڵام كە دەرچوو لە زانكۆ، سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیەی كرد هی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول. بەڕاستی پیاوی رۆژانی تەنگانە بوو، من شاهێدی تێكۆشان و دڵسۆزیی و وەفاداریی ئەو برایەم.
سەرەخۆشیی لە كەسوكاری دەكەم، بەڵام پێش ئەوان سەرەخۆشی لە خۆم دەكەم، جێگەی بەهەشتە ئینشائەڵا و مردن ڕێگەیەكی هەقە، هەركەسمان بە رۆژی خۆی دەگاتێ، ئینشائەڵا خوا ئەو میللەتە بپارێزێ و كوردستان بەختەوەر بێ و ئاوەدان بێ و ڕۆڵەی دڵسۆزی وەكوو كاك كەریمیش ئینشائەڵا هەمیشە هەر لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا بن و زۆر سوپاس.

Back to top button