بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکومەت، بڕی دوو ملیار دینار بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی تەرخان کرا

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ئەم مانگە لەسەر ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار دیناری دیکە تەرخانکراوە وەک فریاگوزاریی بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانی ئاو، لە مانگی ڕابردووشدا بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخانکرابوون.

بەپێ راگەیاندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی 6ی 2025، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانی چارەسەریی ئاو و بەدواداچوون لە دەرەنجامی کاری پڕۆژەکانی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری ئه‌نجام درا.

ئاماژە بەوە دراوە، له‌ کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هه‌ولێر، تیشکی خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە ڕێژیی و پڕۆژانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدراون و تواندراوە بە هۆیانەوە قۆناغی زۆر باش ببڕین و تاڕادەیەکی زۆر گرفت و کێشەکان چارەسەر بکرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، پاشان پارێزگاری هەولێر دوای بەدوا داچوون بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر‌ بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، باسی لە گرنگیی پرۆژەكان کرد بۆ شاری هەولێر و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییان. کە لە ئێستادا لە 78%ی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و لە 90%ی کارەکانی بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشاری هەولێر تەواو بووە و لە سەرەتا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵ بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە لە دەرەوەی شەقامی خێرای 120 مەتری، کە لە پێشتردا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون، بەهۆی ئەو پڕۆژە ستراتیژیەوە ئاو دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.

جەخت كراوەتەوە كە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەش کە ئێستا 40%ی کارەکانی کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەکۆتابێت، پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا کە پڕۆژەکان بەگشتی قۆناغی باشیان بڕیووە و لەم نزیکانە چارەسەری بە شێکی زۆی کێشە و گرفتەکانی ئاو دەکات.

لە تەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئەو بیرانەی ئاوی پاکی ماڵان، کە کارەبای گەڕەکەکانیان نەبووەتە 24 کاتژمێری، هەروەها بۆ ئەو گەڕەکانەی کێشە و گرفتی کەم ئاویان هەیە قەیرانەکانی پارێزگای ڕاسپارد لە ڕێگەی تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، لە ئەگەری کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاویش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد لە یٔامادەباشی تەواودابن و لە خێراترین کاتدا چاره‌سه‌ری کێشە و گرفتەکان بکرێت.
پارێزگاری هەولێر جەختی كردووەتەوە كە لە سنووری پارێزگای هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئٔاو هەبێت.

پارێزگاری هەولێر، ڕاشیگەیاند: “بۆ ئەو مانگەش لەسەر ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار دیناری دیکە تەرخانکراوە وەک فریاگوزاریی بۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕی و گرفتەکان، کە لە مانگی ڕابردووش بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخانکرابوون بۆ هەمان مەبەست، ئەو بودجەیەش تاوکو بە کۆتاهاتنی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر بەردەوامی دەبێت، لەوبارەیەشەوە جەختی له‌ سه‌ر خێڕاترکردنی هەنگاوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە کە لە زووترین کاتدا ڕێکاری پێویست بگرنەبەرلە کەمکردنەوەی کێشەی ئاوی ماڵان.”

Back to top button