ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری دەبێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “هەرێمی کوردستان، نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 18/6/2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی: “بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.”
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش دا: “هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات، بە تایبەتیش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.”
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد، لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە، وەک هەمیشەش فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی و سەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 31/12/2025 خستە ڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستە ڕوو، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنە بەر.