
زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتیی هەرێم كه لە دەرەوە گیریان خواردبوو، كێشەکانیان چارە کرا
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژە بەوە دەکات، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێوشوێنەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی هەرێم لە دەرەوە بەشێوەیەکی خێرا دەست پێ کرا و کێشەکانیان چارەسەر کرا.
لە راگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە ماوەی هەفتەیەکە ناوچەکەی گرتووهتەوە و هێڵە ئاسمانییەکان راوەستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوشوێنەکانی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە شێوەیەکی بەپەلە و ورد دەستی پێ کرد.
هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی، بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار کەوتنە کار و لەم چوارچێوەدا دوای راگەیاندن و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان کە بە سەلامەتی دەگەڕێندرێنەوە، هێڵێکی گەرم و دواتریش فۆرمێک بۆ پڕکردنەوە راگەیاندرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی تورکیا، ڤیزای سێ رۆژەیان بۆ دابین کرا.
ئەمەشی خستەڕوو، 13001 هاووڵاتی کێشەکانیان چارەسەر کرا و دەتوانن بگەڕێنەوە وڵات، کە بەشێکیان گەڕاونەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە و سەبارەت بەو هاووڵاتییانەش کە لە ئێران بوون، تاوەکوو ئێستا پێنج هەزار کەس گەڕاونەتەوە.
جەخت لەوە دەکاتەوە حکومەتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هێڵە گەرمەکان بەردەستن و لە دۆخی پێویستیدا دوودڵ نەبن لە پەیوەندیی بۆ هاوکاریکردنیان.