فەرمانگەی میدیا و زانیاری: رووماڵی دیمەن و ڤیدیۆی رووداوی تاوان قەدەغەیە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا رێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەیەکی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی رووداوی تاوان بڵاو بكەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا رێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەیەکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەکان نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی رووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و رووماڵی بکەن.

ئەوەش هاتووە؛ ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تیایدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی رێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی رووداوەكان بۆ دووبەرەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، رێگە نەدرێت رووماڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی گشتی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.

Back to top button