عه‌لی عه‌لاق:شانازی به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و پێویسته‌ ماده‌ی 140 جی به‌جێبكرێت.

خواكوڕك

شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوایین سه‌ردانی دوو رۆژه‌یان بۆ‌ به‌غدا سه‌ردانی عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی عیراقیان كرد و پاش ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، دواتر نوێنه‌رانی هه‌ردوولا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌كه‌یان بۆ رای گشتی خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسیانیان دایه‌وه‌.

(عه‌لی عه‌لاق) نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی رایگه‌یاند “پێویسته‌ ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت” و هه‌ڵكردنی ئالای كوردستانیش له‌ كه‌ركووك به‌ “هه‌نگاوێكی پێشوه‌خت” به‌ ناو كرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان كرد و گوتی “پێویسته‌ هه‌موومان پابه‌ندی ده‌ستوور بین و شانازی به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین” و شه‌ڕی دژی داعشیش له‌ كاره‌ پێشینه‌كانی عێراقی زانی.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌دا (عه‌دنان موفتی) ئه‌ندامی شاندی كوردی ئاماژه‌ی به‌ باشیگفتگۆوه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند:له‌به‌رده‌م چه‌ند به‌ربه‌ستی گه‌وره‌داین و هه‌رێمی كوردستان بڕیار‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ده‌دات، هه‌روه‌ها ناوبراو گوتی” ئێمه‌ پێشتریشی ریفراندۆممان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام ده‌ستمان به‌ دانانی ده‌ستوور كرد و له‌ عێراق جیا نه‌بووینه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی به‌ مانای جیا بوونه‌وه‌ نییه‌ و ده‌مانه‌وێت پێشوه‌خت رای خه‌ڵكی خۆمان وه‌ربگرین.

Back to top button