
زەیدۆ باعەدرێ: حكومەتی عێراق پارە بە گرووپی تیرۆریستی دەدا
شرۆڤەكارێكی سیاسی كوردی ئێزدی رایدەگەیەنێت، حكومەتی فیدراڵی عێراق بەهۆی پێدانی مووچە و پارە بە هەموو گرووپەكانی حەشدی شەعبی، بەو گرووپانەشەوە كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان، پارە بە گرووپی تیرۆریستی دەدات، ئەمەش كێشەی بۆ دروست دەكات.
زەیدۆ باعەدرێ، شرۆڤەكاری سیاسی كوردی ئێزدی رایگەیاند: ”ئەمریكا چەند گرووپێكی دیكەی حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەشێكیان خۆیان لە لیستی تیرۆر بوون بەس رادەی مەترسیدارییەكەیانی بەرز كردەوە.“
روونیشی كردەوە: ”هەموو ئەو گرووپانەی عێراق كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان، لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی مووچە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق وەردەگرن. لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئەوەی عێراق دەیكات لە پێدانی پارە و هاوكاری بە میلیشیای نێو لیستی تیرۆری ئەمریكا، بە مانای ئەوە دێت كە حكومەتی فیدراڵی عێراق پارە بە تیرۆر دەدات.“
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە پێیوایە: ”ئەمریكا ئەمە لە حكومەتی عێراق قبووڵ ناكات كە لە پارەداركردنی گرووپی تیرۆریستی بەردەوام بێت. ئەگەر زۆرە لە داهاتوودا ئەمریكا سزا بخاتە سەر حكومەتی فیدراڵی عێراق. بە تایبەتیش كە ئەو پارەیەی دێتە عێراق، بە رێگەی بانكی فیدراڵی ئەمریكادا دێت، ئایا ئەمریكا چۆن قبووڵ دەكات كە دۆلار بنێرێتە وڵاتێك و پارەكە بە تیرۆر بدرێت.“
لە كۆتاییشدا بە پێویستی زانی، حكومەتی فیدراڵی دەستبەجێ پێدانی پارە بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رابگرێت، بە تایبەتیش ئەو میلیشیایانەی كە ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە.