
لە هەولێر دوو ملیار دینار بۆ فریاگوزاری و پاككردنەوەی ئاوەڕۆ تەرخان كرا
ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، لەسەر رەزامەندی سەرۆكی حكومەت، دوو ملیار دینار وەك فریاگوزاری بۆ چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و رێڕەوەكانی ئاوی سروشتی باران و كەموكوڕی و گرفتەكانی، تەرخان كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025، لە پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكدا کە تایبەت بوو بە ئامادەكاری بۆ وەرزی بارانی ئەمساڵ و خاوێنكردنەوەی چاڵەكانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵ، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و كەند و رێڕەوە سروشتییەكانی ئاوی باران رایگەیاند بڕی دوو ملیار دینار وەک فریاگوزاری و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان تەرخانکراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی دوو ملیار دینار وەك فریاگوزاری بۆ چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و رێڕەوەكانی ئاوی سروشتی، كەموكوڕی و گرفتەكان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەكان و كووچە و كۆڵانەكانی شاری هەولێر، كەند و رێڕەوی سروشتی ئاوی باران و نەهێشتنی كێشەكان تەرخان كراوە.