لەدیدارەكە دا باسی چی كراوە
خواكوڕك
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانیان كرد لە پاڵپشتیكردنی مەسیحییەكان لە كاتی تەنگانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتەی مان و نەمانی مەسیحییەكانی كردووەتە ئامانج.
هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە، پێزانینیان بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە هەبوو و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانیشیان لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان نیگەرانییەكانی خۆیان لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیان و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان و هەروەها قۆناغی دوای داعش بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبەرامبەر دا بارزانی، سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی قۆناغی دوای داعش خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ كات لەگەڵ ئەوە نەبووە كە خوشك و برا مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و هەر لەسەرەتای شەڕی داعش بەوانی ڕاگەیاندووە كە یان بەیەكەوە بە ئازادی دەژین، یان پێكەوە بە سەربەرزی دەمرین. هەروەها هێمایشی بە بارودۆخی ئاڵۆزی قۆناغی دوای داعش دا و ڕایگەیاند كە “هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برا مەسیحییەكان بدات بۆ ئەوەی ئاییندەیان گەرەنتی ببێت و بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان”.
هەرلەوکۆبوونەوەیەدا بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە دانیشتووانی ناوچە ئازادكراوەكان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئاییندەی خۆیان بدەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن و بەڕێوە ببەن و پەیوەست بەم باسەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.