مەسرور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 9/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانه دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کردەوە. هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

Back to top button