
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەكات
رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە خاتوو گوێندڵن گرین كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لە پەیامی دۆستایەتی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند كە ئەمریكا خوازیاری كوردستانێكی بەهێزە و بەهێزی كوردستانیش لە قازانجی سەقامگیری عێراقە.
ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەمریكا پاڵپشتی مافە دەستوورییەكانی هەرێمە و پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم دەكات و ناكرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێم هەر بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بكرێت. لە بەشێكی تری قسەكانیدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق باسی لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كارەبا كرد و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی لە قەڵەم دا. لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراقیش هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە سەروەریی عێراق بپارێزرێ و رێگە لە دەستوەردان لە كاروباری عێراق بگیرێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەمریكای كرد لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق و هەروەها هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و رێككەوتنەكان نەبوون و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی گرفتەكان. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین رێگە بۆ نوێنەرایەتیكردنی راستەقینە گەڕانەوەیە بۆ یاسای یەك بازنەیی بۆ ئەوەی لە گونجانی ژمارەی كورسی لەگەڵ رێژەی دانیشتووان دادپەروەری هەبێت.
بارودۆخی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.