
کێشەی مووچەی هەزاران پێشمەرگەی خانەنشین چارەسەر کرا
کێشەی بەشی زۆری خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر دەکرێت و لە دوو مانگی داهاتوودا مووچەیان بۆ دەبەسترێت و حەوت هەشت مووچە بەیەکەوە وەردەگرن
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پیشمەرگە راگەیاند، ” ئەو پلەدار و پێشمەرگانەی دۆسیەکانیان تەواو بووە، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت مووچەی خانەنشینی وەردەگرن کە نزیکەی 22 هەزارن، ئەو پێشمەرگانەی ماون کە مامەڵەکانیان دواکەوتووە یان کەموکوڕی هەبووە، کاری لەسەر دەکرێت لەگەڵ مووچەی مانگی نۆ و مانگەکانی تر مووچەیان بۆ دەبەسترێت کە نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار فایلن .
دەشڵێت، پێشنیازمان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان کردووە کاتێک پێشمەرگەیەک تەمەنی دەگاتە خانەنشینی، مووچەکەی بەردەوام بێت و رانەگیرێت تاوەکو دۆسیەکەی تەواو دەبێت، چونکە ڕێکارەکانی خانەنشینی پێشمەرگە هەندێک جار دوادەکەوێت و کاتی زۆری دەوێت، ئەگەر پێشمەرگەکە مووچەکەی بەردەوام بێت تا رێکارەکانی تەواو دەبێت، ئەوا بارگرانی ناکەوێتە سەر ژیانی.
زیاتر دەشڵێ:” بە ئەگەری زۆرەوە پێشنیازەکە جێبەجێ دەکرێت.
شایەنی باسە بەستنی مووچە بۆ پلەدار و پێشمەرگە خانەنشینکراوە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستانە، 15ی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێشمەرگەی کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد.