
گوتەبێژی حکومەت : شەڕ بۆ ئەوە دەكەین كە مووچەخۆرانی كوردستان هیچ مووچەیەكیان نەفەوتێت.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرهەمی نەوتی كوردستان گەیشتووەتە 234 هەزار بەرمیل و، هەموو ئاسانكارییەكمان كردووە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و، شەڕ بۆ ئەوە دەكەین كە مووچەخۆرانی كوردستان هیچ مووچەیەكیان نەفەوتێت
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنیا كێشە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، تەكنیكییە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 48 سەعاتدا چارەسەر بكرێت
گوتیشی:” بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، ئەو رێككەوتنەكە بۆ ماوەی سێ مانگە.
باسی لەوەشکرد، بۆ ساڵی نوێ بودجەیەكی نوێ لە عێراق دەبێت، ئێمە تەنیا داوای مووچە ناكەین، بەڵكو داوای پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دەكەین، بەڵام ئێستە مووچە ئامانجی یەكەممانە.
ئاشكرای كرد، ئێمە ئامادەین بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مانگی تەمووز بنێرین بۆ بەغدا، بەڵام بەپێی یاسا ئەوەندە نییە، ئەوەش بارگرانی زۆر لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆ ئەو 120 ملیارە ئێمە كێشەمان نابێت.
زیاتر گوتی، بۆ مانگی هەشتیش بەهەمانشێوە ئێمە ئامادەكاری دەكەین و لیست و وردەكارییەكان ئامادەن و، هیوادارم ئەم چەند مانگەی ماوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی بنێردرێت، شەڕ بۆ ئەوە دەكەین كە مووچەخۆرانی كوردستان هیچ مووچەیەكیان نەفەوتێت.
لە کۆتاییشدا هەورەمانی گوتی:” دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، گوتیان نەوتمان پێ بدەن و داهاتی نانەوتی رێك بخەین پێكەوە، هیچ كێشەیەك نامێنێت بۆ مووچە، ئێمەش ئەمەمان كردووە، ئەگەر خۆیان لە خوا نەكەن، دەبێ مووچەی هەموو مانگەكان بنێرن.