
کۆمپانیاکانی بواری نەوت: لە چەند رۆژی داهاتوو رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ دەکرێت
هەشت کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی (IOCs) رێککەوتنی کاتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق رادەگەیەنن و ئاشکرای دەکەن چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی کۆتایی لە رۆژانی داهاتوودا واژۆ بکرێت، هاوکات ئەو کۆمپانیایانە ستایشی رۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن.
چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 هەشت کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی (IOCs) کە لەگەڵ پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) زیاتر لە %90 بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژەیان بەو داوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی بنەڕەتی رێککەوتن، لەڕێگەی بەندەری جەیهان دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن؛ چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی کۆتایی لە رۆژانی داهاتوودا واژۆ و پەسەند بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیاکانی بواری نەوت ستایشی پشتگیری و هەوڵەکانی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکەن. هاوکات هەوڵەکانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشخستنی چارەسەرێکی رەزامەندی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی عێراق، هەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا بێت بەرز نرخاندووە.
ئەو هەشت کۆمپانیایانەی بواری نەوت باسیشیان لەوە کردووە، هەر کە ئەو رێککەوتنە واژۆ و جێبەجێ کرا، پێویستە رێگە بدات هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕۆژانی داهاتوودا دەست پێ بکاتەوە، هاوکات رێگایەکیش بۆ رێککەوتنی درێژخایەن دابین دەکات، ئاماژەی بەوەش داوە، رێککەوتنەکە لەگەڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2025 دەگونجێت و دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەی راوێژکارێکی سەربەخۆ نوێ دەکرێتەوە.
هەروەها چوارچێوەی رێککەوتنەکە گرێبەستە کراوەکان دەپارێزێت و دڵنیایی پارەدان بە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەدات، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانیش رێککەوتن لە ماوەی 30 رۆژدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و کارکردن لەسەر دروستکردنی میکانیزمێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو قەرزی کۆمپانیاکان کۆببنەوە.
راسل فریمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای HKN لە راگەیەنداوەکەدا ئاماژەی داوە: “ئێمە دڵنیا و گەشبینین کە چارەسەرێکی لە بەرژەوەندی هەمووان دۆزراوەتەوە، هەر کە رێککەوتنەکە بە تەواوی لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە واژۆ کرا، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە زووترین کات دەست پێ دەکاتەوە.”