
ئەمریكا پێشوازیی لە ڕێككەوتنی سێقۆڵیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكات
لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، پێشوازیی لە رێككەوتنی سێقۆڵیی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی عێراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
لە راگەیاندراوێکدا ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند: “پێشوازیی لە راگەیاندنی رێککەوتنی نەوتی حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ دووبارە کردنەوەی بۆڕیی عێراق _ تورکیا، رێکەوتنێك کە لەلایەن ئەمریکاوە ئاسانکاری بۆ کراوە و سوودی بەرچاو بۆ ئەمریکییەکان و عیراقییەکان دەهێنێتە کایەوە.”
راشیگەیاند: “دەستخۆشی لە هەوڵە چارەنووسسازەکانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ هێنانەکایەی ئەم پێشکەوتنە.”
هەروەها ماركۆ رۆبیۆ، جەختی لەوەش كردەوە، كە “ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی هاوبەشیی ئابووری کە قازانجی بۆ ئەمریکا و عێراق هەیە و هانی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەقامگیرتر دەدات لە لە سەرتاسەری عێراق بە تایبەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و باشترکردنی ئاسایشی وزەی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەروەری عێراق.”